• info@mdraparin.org

  • پەیوەندی :07701957756

  • کاتی دەوام :٨:٣٠ تاکوو ١٢:٣٠

ژینگە

لێرە دوایین بابەتەکانی پەیوەندیدار بە ژینگە دەبینن

ژینگە چی یە و چۆن لێی بڕوانین ؟!

ژینگە کاریگەرییەکی تەواوی لەسەر کۆمەڵگا ھەیە بۆیە زۆربەی کۆمەڵگاکان گرینگیەکی زۆر بە ژینگە ئەدەن وەکو گەوھەریکی گرینکی کۆمەڵگاکان سەیری دەکەن ، باسکردن لە ژینگە باسکردنە لە ژیان چونکە ھەموو زیندەوەرەکانی سەر گۆی زەوی ژینگەیەکی تایبەت بە خۆیان ھەیە ، وە ھەر کێشەیەک لە ژینگەدا ببێت دەبێتە ھۆی دروست بوونی کێشە لە ژیانی زیندەوەراندا چونکە پەیوەندییەکی توند و تۆڵ لە نێوان ژینگە و زیندەوەراندا ھەیە گەر سەرنج بخەینە سەر وتەیەکی ئەنیشتاین کە دەڵێت (ژینگە ھەموو شتێکە جگە لە خۆم) کەواتە مرۆڤ ھۆکارێکی سەرەکی بنچنەییە لە پرۆسەی پیس بوونی ژینگە و دەرکەوتنی جۆرە جیاوازەکانی پیس بوونە وپیس بوونیش بەھۆی مرۆڤەوە یەکسانە بە زۆر بوونی پیشەسازی – پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا – خراپ بەکارھێنانی سەرچاوەکان -زیاد بوونی رێژەی دانیشتوان – پیسبوونی ( ئاو – ھەوا – خاک ) کە ئەمانەش لە ئەنجامی چالاکی مرۆڤەوە پیس دەبن. ژینگەش وەک بابەتێکی پەیوەست بە ژیان و چالاکییە بەردەوامییەکانی مرۆڤ و زیندەوەرانەوە، بەردەوام پێویستی بە چاودێریکردن و چاککردن ھەیە ، چونکە چالاکییە بەردەوامییەکانی مرۆڤ پاشماوەی نامۆ دەخاتە نێو پێکھێنەرەکانی ژینگە ( ئاو – ھەوا – خاک ) بە پێی جۆری چالاکییەکانی بەمەش ژینگە پیس دەبێت.
پیس بوونی ژینگەش بریتیە لە ڕودانی گۆڕانکارییەک لە ژینگەی گیانداران بەھۆی سروشت و چالاکی ڕۆژانەی مرۆڤەوە کە دەبێتە ھۆی دەرکەوتنی چەند ماددەیەک کە ناگونجێ لەگەڵ ئەو شوێنەی کە گیاندارەکەی تێدا دەژیت لاسەنگی دەکات .بەرھەم ھێنانی پێداویستییەکانی ژیانی مرۆڤ بە بەردەوام پاشماوەی زیانبەخش دەخەن نیو ژینگە ، بەڵام ڕێژەی ئەو پاشماوانە پەیوەندییەکی راستەوخۆی ھەیە بە ھۆشیاری مرۆڤەکان و گرینگیدانیان بە ژینگە ھەروەھا گۆرانکاری کەش و ھەوا کاریگەری نێگەتیڤی کردۆتە سەر ژینگە ، ھەروەھا زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان لەسەر روی زەوی و ، زۆر بوونی کارگەکان و دەردانی وزەی زیاد لە پێویست بە تایبەت لە وڵاتە پیشەسازییەکانەوە ، زۆر بوونی ئۆتۆمبێل زیانێکی ژینگەی زۆری ھێناوە لە قەتیس بوونی گەرما و تۆز و خۆڵ و دەیان کارەساتی سروشتی کە ڕاستەوخۆ کاریگەری زۆر خراپیان کردە سەر ژینگە و ھاوسەنگی ژینگەیان تێکدا.پیس بوونەکان گاریگەرییان لەسەر چاو و قورگ و پێست و دەروون ھەیە بۆیە لەو وڵاتانەی کە ژینگەیان پیسە دانیشتوانەکەی لە دڵەڕاوکێ و توڕبووندان ، ھەروەھا پیس بوونەکانی ژینگە بە زۆری لە وڵاتە دواکەوتووەکانن وڵاتی چین و ھندستان پیسترین وڵاتی جیھانن لەروی ژینگەییەوە لە کوردستانیشدا زۆرترین پیس بوونەکان بریتین لە ژاوەژاو ھەوا و ئاو .ھەموو ساڵێکیش نزیکەی سەد ملیۆن کەس لە دانیشتوانی گۆی زەوی زیاد دەکات ، و لە ھەنوکەدا زیاتر لە ٦ ملیار کەس لەسەر گۆی زەویدا دەژین و بە پێی پێشبینییەکانی مەڵبەندەکانی توێژینەوە تا ٢٥ ساڵی دیکە دەگاتە زیاتر لە ٨ ملیار کەس لە ھەنووکەدا یەک لەسەر سێی دانیشتووانی گۆی زەوی لە ھەژاری و بەدخۆراکیدا دەژین.بەداخەوە زۆری ژمارەی دانیشتوان لە وڵاتی ھەژاردا پترە نەک لە وڵاتی گەشەسەندوو، وە لە ئیستاشدا تەنھا ٨% ی ھاوڵاتیان لە جیھاندا لە ژینگەیەکی پاکدا دەژین.
(ئاو – ھەوا – خاک) ئەمانە ھەرسێکیان پێکھێنەری ژینگەن پیس بوونیان واتا تێکچونی باری ژیان ھەریەک لەم ڕەگەزانە تەواوکەری یەکترین بۆ بەردەوامیدان بە ژیان ، بۆیە ناکرێت یەکێکیان بە گرنگتر لە ئەوی تریان دابنرێت،زیادکردنی رێژەی سەوزایش پەیوەندییەکی راستەوخۆی ھەیە بەھەرسێ لەم پێکھێنەرانە و گەشەکردنی مرۆڤیش پێویستی بە پێکھێنەرەکانی ژینگە ھەیە.
لەسەر ھەموو تاکێکی کورد پێویستە ئەرکی پاراستنی ژینگە لە ئەستۆ بگرێت و لەسەر ھەموو رێکخراو و سەنتەر و دام و دەزگا حکومی و ناحکومی و پەرلەمان و کەرتی تایبەت و ڕاگەیاندکاران بەشداربن لە گەیاندنی پەیامی ژینگە پاریزی ، ھەموو لایەک پێویستە پاریزگاری لەو ژینگەیە بکەن کە ھەموومان تێیدا دەژین چونکە ژینگەیەکی خاوێن مافی ھەموومانە و پاراستنی ژینگەش ئەرکی سەر شانی ھەموو تاکێکی کوردە.
کارکردن بۆ ژینگەیەکی تەندروست لە پێش ھەموو شتێکدا ھەوڵدانە بۆ پاراستنی ھاوسەنگی ژینگەیی کە لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەم ھەتا ئەمرۆ بە شێوازێکی زۆر توند ئەو ھاوسەنگییە روو لە تێکچوونە بەھۆی زۆری ھۆکارەکانی پیس بوونی ژینگە ئەوەی جێگای خۆشحاڵییە کە رێژەیەکی بەرچاو لە کاربەدەستان لە وڵاتە پێشکەوتووەکانی جیھان ھەست بە مەترسییەکانی پیسبوونی ژینگە دەکەن کاری یاساییان بۆ کەمکردنەوەی پیس بوونی ژینگە کردووە.ساڵانە چەندین کۆنفرانس و کۆبونەوە دەبەسترێت و بڕیاری گرنگ بۆ پاراستنی ژینگە جێ بەجێ دەکرێت ، بەڵام بە بەراورد لەگەڵ ئەوەی پێویستە بکرێت بۆ پاراستنی ژینگەیەکی خاوێن و گونجاو بۆ نەوەکانی داھاتوو ئەوەی تا ئیستا کراوە تەنھا سەرەتایەو زۆری تر پێویستە بکرێت.

ئەڤین خدر 
٢٧-٧-٢٠١٧

 

پەیوەندی

ناونیشان:

ڕانیە-ڕێگای سەرەکی دەروازەـ تەنیشت کتێبخانەی گشتی ڕانیە

تەلەفون :

07701957756

ئیمەیڵ:

ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی.

تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان

Facebook

YouTube

پەیجی فەیسبووک