پێکهێنانەوەی ئەنجومەنی شارەوانیەکان شاکارێکی تری خزمەتگوزاری بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانیەکانی ڕاپەڕینە
یەكەمین هەلبژاردنی ئەنجومەنی شارەوانیەكان لە سالی (2000) وەرچەرخانێكی گەورەی خزمەتگوزاری بوو بۆ تەواوی ناوچەكانی كوردستان ، دوای تەواو بوونی تەمەنی یاسایی ئەو ئەنجومەنانە و خزمەتێكی زۆریان بە كۆمەڵگا پێویست بوو دوبارە هەلبژاردنی ئەنجومەنی شارەوانی ئەنجام بدرێتەوە , بەڵام بەهۆی ناهەمواری بارودۆخی سیاسی و ئابوری هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە و ئەو گۆرانکاری و بارودۆخانەی دوای پرۆسەی ئازادی عیراق بەسەر ناوچەکە هات نەتوانرا لەکاتی خۆی هەڵبژاردن بکرێت بۆیە ئەو ئەنجومەنە هەڵبژێردراوە بە ئامانجی درێژەدان بەخزمەتگوزاری و پرکردنەوەی فەراغی یاسایی نەبوونی ئەنجومەن بەردەوام بوون لەسەر کارکردن , کە ئەمەش بار قورسیەکی زۆر بوو بۆسەر شانیان بۆ بەشداری کردن لە کایەکانی بریاردان لە شارەوانیةكان , بە سوپاسێکی زۆرەوە زۆربەی ئەندامانی ئەنجومەن بەبێ دابران بەردەوام بوون لە خزمەتکردن.
لەسەر داواكاری زۆری هاولاتيان و ەبۆهۆی بەردەوام نەبوونی هەنێك لە ئەندام و سەرۆكی ئەنجومەنەكان لە كار كردن ( بەهۆی كۆچی دوایی كرن یاخود دەست لەكار هەڵگرتن) هەروەها بەهۆی هێنانەكایەی چەند شارەوانیەكی نوێ ئیش و كارەكان لە هەندێك شار پەكی كەوتبوو ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ژمارە (١٢) لە ٣٠ تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٩ پەیرەوی ژمارە (٢) ی تایبەت بە پێکهێنانی ئەنجومەنی شارەوانیەکان دەرکرد , و دوای ئەوەی لە سالی 2020 لە وەقائعی کوردستان بڵاو کرایەوە کەوتە بواری جێبەجێ کردن , بەڵام لە سەرەتادا تەنها لە شارە گەورەکان ئەنجومەنی شارەوانیەکان پێکهێنرا دواتر پێ بەپێ لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان ئەنجومەنی شارەوانی کارا کرایەوە لە سنوری ئیدارەی سەربەخۆی بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانیەکانی راپەرین وەک ئەرکی سەرشانیان و لە روانگەی دڵسۆزیان بۆ ئەو بابەتە دوای چەندین جار بەدواداچون و هەوڵ و ماندوبونێکی زۆر و لەخۆبوردوانە و بە نوسراوی ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەرین رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران و بە فەرمانی وەزاری وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بە ژمارە (16351) لە (2/12/2024) رەزامەندی پێكهێنانەوەی ئەنجومەنی شارەوانیەكان وەرگیرا.
بە سوپاسێکی زۆر بۆ هەموو ئەو کەس و لایەنانەی کە بەشدار و هاوکاری ئەو پرۆژەیە بوون توانرا ئەنجومەنی شارەوانی لەسەرجەم شارەکانی سنورەکەمان پێک بهێنرێت بەڕێژەی ( 75% بۆ سەرۆكی فەرمانگە پەیوەنددارەكان و 25% بۆ رێكخراوەكان ) وەیەکەم کۆبونەوەی کۆبونەوەی ئەنجومەنی شارەوانیەکان بە ئامادەبوونی سەرۆكی یەكە ئیداریەكان و سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەرین لە رۆژی 22/12/2024 ئەنجامدرا کە سەرۆک و جێگر و ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانی هەموو شارەکان کە ژمارەیان (٩٠) کەسە ئامادەبوون. لەکۆبونەوەکەدا بەڕێوەبەری گشتی شارەوانیەکانی راپەرین باسی سەرجەم ئەو کۆسپ و ئاستەنگەکانی بەردەم پرۆسەکە کرد تیشکی خستە سەر گرنگیەکانی هەبوونی ئەنجومەنی شارەوانی بۆ شارەکان. دوای ئەنجامدانی كۆبونەوەی دەستپێك بە سەرپەرشتی ئەنجومەنی شارەوانیەكان كارا كرانەوەو یەك یەكە كۆبونەوەی یەكەمیان ئەنجامدا و بەڕێوەبەری گشتی شارەوانیەكانی ڕاپەرین یان نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی گشتیمان بەشداری یەكەم كۆبونەوەی هەموو ئەنجومەنەكانی كرد.
بەڕێوەبەرایەتی گشتیمان بایەخێکی زۆر بە ئەنجومەنی شارەوانیەکان دەدات و هەبوونی وەها ئەنجومەنێک و کەسانی خاوەن پسپۆری و ئەرکی ئیداری جیاواز بۆ شارەکان بە گرنگ دەزانێت بۆ راوێژ پێکردن و سود وەرگرتن لە بیرۆکە و پسپۆری هەمەچەشت , هەروەکو خوای گەورە لە ئایەتی 38 لە سورەتی شورا دەفەرموێت ( وَأَمۡرُهُمۡ شُورَىٰ بَيۡنَهُمۡ) .
ئیتر لەدوای دەستبەکار بوونی ئەنجومەنی شارەوانی بەڕێوەبردنی شار بە ڕاوێژ دەبێت لەگەل هەموو فەرمانگە پەیوەنددارەکان و رێکخراوەکان وە بڕیارەکانی قورسایی و سەنگی زیاتری دەبێت. بۆیە بەڕێوەبەرایەتی گشتی زۆر بە بایەخەوە و بەگەرمیەکی زۆرەوە پێشوازی لە پێکهێنانەوەی ئەنجومەنی شارەوانی دەکات و ئامادەی هەموو هاوكاریەیكی لۆجیستی و معنوی ئەنجومەنەكانە و پێمان وایە سەرەتای وەرچەرخان و گۆرانکاریەکی گەورە دەبێت بۆ قۆناغێکی نوێی خزمەتگوزاری و کاروانی ئاوەدانی شارەکان .
ئومێد دەکەین لە سەرجەم سێکتەرەکانی خزمەتگوزاری شار دەور و کاریگەری خۆی هەبێت وە ئومێد دەکەین کە پلان و بیرۆکەکانیان ڕۆلی کاریگەر ببینێت لە کایەکانی خزمەتگوزاری و پێشکەوتنی شار , هموو پێکەوە دەست لە ناو دەست و بە پشتیوانی خوای گەورە رێرەوی خزمەتگوزاری لە هەموو شارەکان برەوی پێ دەدرێت و گۆرانکاری گەورە بەدی دێت.
ئەندازیار
ئاوارە کوێخا علی
بەڕێوەبەری گشتی شارەوانیەکانی راپەرین