ڕانانێک بۆ کتێبی "گەیشتن بەلوتکە"
پرۆسەی نوسینەوەی ئەزموون و کارنامە و چالاکی دامەزراوەکانی حکومەت زۆر گرنگ و بەبایەخە، چونکە دەبێتە سەرچاوەیەک بۆ تۆکمەکردن و سەرپێخستنی باشتری هەنگاوەکان، کەزۆرجار لەڕێی دیاریکردنی ئاستەنگ و ئاڵنگارییەکانەوە لەکات و شوێنی خۆیدا، پلانی ستراتیژی دورمەودا و بەرچاوڕونی کارگێڕیی بەهادارتر لەداهاتوودا بەرهەم دێنێ، وە دەشێ ببێتە مایەی تەرجەمەکردنێکی ڕاستگۆیانەش بۆ مانەوەی لە ئەندێشە و تێفکرینی کەسانی تر لەوێستگەی دواتردا، بەپێچەوانەشەوە نەنوسینەوە و دۆکیۆمێنت نەکردنیان، ڕاستەڕێی خزمەت لێڵ و دەسکەوت و زۆرینەی ئەوەی بەرهەم هاتووە، ئەسپەردەی سڕینەوە و لەناوچوون دەکا.
"گەیشتن بەلوتکە" ناونیشانی ئەو کتێبە ناوازەیە کە برامان "ئاوارەی کوێخا عەلی" وەک ئەندازیارێکی تەلارسازیی بەئەزمون، لەپێگەی بەرپرسیارێتیەوە، پوختەی شەش ساڵ و شەش ڕۆژی کار و چالاکی و ئەدا و ڕامانی خۆی تێدا کۆکردۆتەوە، کە لەیەکەم ڕۆژی دەستبەکاربوونیەوە لە"بەڕێوبەرایەتی گشتی شارەوانیەکانی ڕاپەڕین" دەست پێدەکات، تا ڕۆژی دەست لەکار هەڵگرتنی.
لەڕاستیدا من لەپێش چاپکردنیدا ئەم پەرتوکەم بۆ پێداچوونەوەی کۆتایی و هەڵەبڕی خوێندەوە، وەک دەڵێن لەکاتی زیادکراوی پێش چاپکردنیدا، دەرفەتم بۆ ڕەخسا لە لاپەڕەکانی وردبمەوە، بەڵام دوای هەندێ سەرنجی کەسی و خوێندنەوەیەکی سەرپێیی بەندە، نوسەر و سەرپەرشتیاری گشتی پەرتووکەکە لوتفی نواند و بە سوپاس و خۆشحاڵیەوە فەرموی لێ کردم بۆ نوسینی ڕانانێکی کورت لەسەر ناوەڕۆکی پەرتوکەکەی، بەو ئومێدەی سودی بۆ ناساندنی هەبێ.
نوسەری ئەم کتێبە بە پێشەکیەکی پۆشتە و جوان و زمانێکی سانا و ئاخاوتنێکی ناوچەیی ڕەسەن دەست پێدەکا، لەدێڕەکانیدا بابەتیانە و هاوسەنگ دواوە، هەنگاوەکانی خزمەتی خۆی لەنوکەوە خڕ گێڕاوەتەوە کە دێڕ بەدێڕی پڕن لەوڵامی ئەو پرسیارانەی لەزهنی هاوڵاتیان و ڕای گشتی دەڤەرەکەدا ڕاز و پەنهانن، بە دەرخستنی هەندێ لایەنی نادیار لەچۆنیەتی سەرپێخستنی دامەزراوەیەکی گرنگی وەک بەڕێوبەرایەتی گشتی شارەوانیەکان، کوڵی دڵی خۆی لەو ململانێ بێ سەمەرانە ڕشتووە کە بۆ لەقاودانی یەکتریی، ناوزڕاندن و خۆخۆریی، هەرەس پێهێنان و چەواشەکاریی لەم دەڤەرە جوانەدا بڕستی لە پێشکەوتن و بوژانەوە بڕیوە، لێ ڕاشکاوانەش پێمان دەڵێ کە هەنگاوی گەورە بە کەسانی لەقوڕدا چەقیو ناکرێ، دەبێ ئیرادەی بڕوا بەخۆبوون و کۆڵنەدان ، قوربانیدان و نەترسان، سەرکێشیکردن لەپێناو گەیشتن بەلوتکەی سەرکەوتن، ئەدگاری بەرزی بەرپرسان بێ، تا کاکی ئەندازیار گەشبینیانە بۆ ئاسۆی ڕۆشنتر هەوڵ و تەقەللاکانی چڕ بکاتەوە.
نوسەری یادەوەریی، یاخود نەخشی کەسی بەرپرس لە کار و کردەوەدا ئەوکاتەی لایەنێکی خزمەت یاخود بەرپرسیارێتی هەڵدەبژێرێ، هەر تەنها هی خۆی نیە، بەڵکو دەبێتە موڵکی خەڵک، هەر بۆیەشە ئەندێشە و تێڕوانینەکانی کاریگەریی لەسەر ڕای گشتی و ڕەوتی ڕوداوەکان "بەچاک و خراپەوە" جێ دەهێڵێ، لەو سۆنگەیەوە "کەسی بەرپرسیار" گرنگە هەر خاڵێکی ئەرێنی و ئەزموونکراو پەرە پێبدا و لەداهاتوودا ڕێگەی خۆی پێ شەق بکا، بەدیوێکی تریشدا لەخودی خۆی ڕەخنەبگرێ و هەردەم لە بزاوت و چالاکیدا گۆڕاوێکی ئەرێنی رووەو باشتربێ، هەرلەبەر ئەمەشە سەرپەرشتیاری ئەم کتێبە خوێنەر و ڕای گشتی سەرپشک دەکا لەدوای وردبوونەوە و خوێندنەوەی، ویژدانیان داوەر بێ، ڕەخنەی بونیادنەرانەی لێ بگرن و چاک لەخراپ جیا بکەنەوە، تا بۆ گەیشتن بە ترۆپک لەقودەرتیدا هەبێ وەک توێشووی ڕێگا لەوێستگەیەکی تردا وەگەڕیان بخاتەوە.
چێژێکی تایبەت لە هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی ئەم کتێبە دەبینی،گەلەریی وێنە پاڵفتەکراوەکان، کە لەنێو زیاتر لە "10"هەزار وێنە بژاردە کراون، خەرمانێکی دەوڵەمەندن لە چەسپاندنی ڕواڵەتی شارنشینی و پێشخستنی ئاوەدانی و فەراهەمکردنی ژینگەیەکی لەبار بۆ ژیان لە بست بەبستی خاکی ڕازاوەی "بیتوێن و پشدەر"،بە هەردوو ناحیەی "بنگرد و خدران"ـیشەوە، هاوکات نیەتی پاک و ڕۆحیەتی بەرزی لەشکرێک کادر و توانایی مرۆیی دەبینی کە لە هەنگاوەکانی ئەوەڵینەوە ساز و ئامادەبوون بۆ وەرگرتنی بەرپرسیارێتی، خزمەتکردنی هاوڵاتیان، دانانی نەخشە و پلان و بەپایان گەیشتنی کارو پڕۆژەکان.
کە دەچیە قوڵایی ناوەڕۆکی ئەم کتێبە کە بەکوردیەکی پەتی جوان ڕێنووس کراوە، تێدەگەی لەوەی ڕاستە هێشتا کاروانی ئاوەدانیمان ماویەتی بەڵام بۆت ڕوون دەبێتەوە کەچەندەش ڕەنج و وزە لەپێناو خزمەتکردنی ئەم دەڤەرە ئازیزەماندا خەرج کراوە، بۆیە بەڕای بەندە لەم سێکتەرەداگرنگەدا ، "گەیشتن بەلوتکە" هەوڵێکی نایابە بەئاراستەی داهێنان و نوێگەریی، ڕچەشکاندنە بۆ تۆمارکردنی ورد و درشتی کاروانی خزمەت و ئاوەدانی، فەرهەنگێکی نایابە لە بەڵگەنامە و ئەرشیفی نوسراوی فەرمی دانسقە، میکانیزم و داڕشتەیە لە ڕێکار و ڕاسپاردە و بڕیاری دروست و بەجێ بۆ چارەکردنی زۆرێک لە گرفتە ئیدارییەکان تەنانەت لەدۆخی لەناکاو و نەخوازراویشدا، هەروەک ڕێبەر و ڕاستاندنێکی بێ چەندوچوونی کار و خزمەتە بۆئەوانەی ڕێبواری ڕێی گەشەسەندنی ئەم زۆنەن و تەنها ئامانجیان بوژاندنەوەی زیاتری دەڤەرەکەیە و بەحەق دۆستی ڕاستین.
دوادێڕ ؛ بەرپرسانی دەڤەری ڕاپەڕین، ڕوناکبیران و خەمخۆران، ئەکادیمستان و توێژەران ، نوسەران و ڕۆژنامەنووسان و هەموو ئەوانەی بەدوای بەدەستهێنانی زانیاریی ورد و بەڵگەییەوەن، یا دەیانەوێ لەسەر کار و پڕۆژەکان ئاگاییان هەبێ، بانگێشتی خوێندنەوەی ئەم کتێبە دەکەم کەدڵنیام شاکارێکی نموونەیە لەو بوارانەی باسم کردن.
بەئومێدی هەڵسەنگاندنێکی بابەتیانە و زانستیانە و دەسکەوتنی زانیاریی بەسود .
وە دەستخۆشی و پێزانین بۆ سەرپەرشتیار و ئامادەکاری ئەم کتێبە و ماندووبوونی کاک حوسێن ئەحمەد و ستافی ئامادەکار لە فۆتۆگرافەران و نەخشەسازان واجبە کە ڕەنج و سەلیقەی هەموویان ئەم کتێبە ناوازەیەی نەخشاندوە.
مستەفا محەمەد
ڕۆژنامەنووس

درێژەی بابەت: ڕانانێک بۆ کتێبی "گەیشتن بەلوتکە"